Views: 0
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عیراق ئامادەیە بۆ بەرێوەبردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و وتەبێژی کۆمسیونەکەش رایدەگەیەنێت:” ئەو دەنگدەرانەی پەنجە مۆریان ناخوێندرێتەوە پشت بە وێنەی چاویان دەبەسترێت”.
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند:” کۆمسیۆن ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و بەپێی یاسای هەموارکراوی هەڵبژاردنی ژمارە 12ی ساڵی 2018 لە کارەکانی بەردەوامە”.
دەشڵێت: “کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان پابەندە بە جێبەجێکردنی هەر نوێکارییەک کە ئەنجومەنی نوێنەران لەیاسای ئێستای هەڵبژاردنەکان ئەنجامی بدات”.
وتەبێژەکەی کۆمسیۆن راشیگەیاند “کۆمسیۆن دەستیکردووە بە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، تاوەکو ئێستا هەزار و 79 ناوەند بۆ تۆمارکردنی ئەو کەسانە کراوەتەوە کە لەدایکبووی ساڵی 2007 و مافی دەنگدانیان هەیە، کە ژمارەیان زیاترە لە یەک ملیۆن دەنگدەرە.
لە کۆتایشدا، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند ” کۆمسیۆن بۆ نوێکردنەوەی داتای ئەو دەنگدەرانەی کە پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە، لە رۆژی هەڵبژاردندا پشت بە وێنەی چاویان دەبەستێت، بۆ رۆژی هەڵبژاردنیش دەستمان کردووە بە چاکرکردنەوەی ئامێرەکانی دەنگدان”.
دوێنێ 9ی 4ی 2025 ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق ڕۆژی 11ی 11ی 2025، وەک وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دیاریکرد.