قوباد تاڵەبانی بانگهێشتی وەزیری گەشتوگوزاری یۆنان بۆ هەرێمی کوردستان دەکات

Views: 1

قوباد تاڵەبانی داوا لە وەزیری گەشتوگوزاری یۆنان دەکات، کارئاسانی بۆ خوێندکارانی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی ئەو وڵاتە بکرێت.

رۆژی چوارشەممە، نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ئۆلگا کیفالۆیانی، وەزیری گەشتوگوزاری یۆنان کۆبووەوە و هەردوولا دڵخۆشی خۆیان بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوانیان لەبواری گەشتوگوزاری دەربڕی، “بەتایبەتیش لە دوای دەستپێکردنی گەشتی راستەوخۆی ئاسمانییەوە رێژەی سەردانکردنی گەشتیار لەنێوان هەردوولادا بەرزتر بووەتەوە.”

قوباد تاڵەبانی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاند، “داوام کرد حکومەتی یۆنان کارئاسانی بۆ وەرگرتنی خوێندکارانی هەرێم لە زانکۆکانی ئەو وڵاتە بۆ خوێندن لە بواری گەشتوگوزاردا بکات.”

قوباد تاڵەبانی دەڵێت، وەزیری گەشتوگوزاری یۆنان “بە خۆشییەوە ئامادەیی پێشکێشکردنی هەموو جۆرە کارئاسانییەکی دەربڕی.”

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، بانگهێشتی وەزیری گەشتوگوزاری یۆنانی بۆ هەرێمی کوردستان کردووە و “بانگهێشتەکەی قبووڵ کردم کە لە نزیکترین دەرفەتی گونجاودا سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.”

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەڕاوێزی کۆڕبەندەکەدا لەگەڵ کۆنستاتینۆس تساریاراس، وەزیری کشتوکاڵ و پەرەپێدانی گوندەکانی یۆنانیش کۆبووەوە.